ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: سووریا لەمدواییەدا، دوای دیداری ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێی ئەو وڵاتە و دۆناڵد ترامپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا، تەڤڵی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژە داعش بوو. ئەگەرچی ئەم ڕێککەوتنە بڕیارە ببێتە هۆی تۆکمەی هاوکارییە سەربازییەکانی هەر دوو لا، بەڵام دیمەشق هێشتاش لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکراتیک(هەسەدە)ی هاوپەیمانی دێرینی ئەمریکا لە ململانێ و ناکۆکیدایە.
دیارە دەوڵەتی ترامپ حەزی لە پەیوەندییەکی دۆستانەتر لەگەڵ ڕژیمی جۆلانییە و تەنانەت بۆ گرینگ نییە کە ئەو کارەی بە زیانی هاوپەیمانە دێرینەکانی واشنتۆن و لەوان کوردەکان کۆتایی پێبێت. تام باراکی نوێنەری تایبەتی ئەمریکا لە کاروباری سووریا، بە ئەرخەیانییەوە باسی لە سەرکەوتنی لێبڕاوانەی دیمەشق کرد و ڕایگەیاند کە واشنتۆن لە "سووریایەکی یەکپارچە لە ژێر یەک ئاڵا، یەک ئەرتەشی یەکە و پێکهاتەیەکی ئیداری یەکپارچە" پاڵپشتی دەکات و دژی فیدراڵیزمە. ئەوە لە کاتێکدایە کە وەرسووڕانی ئەمریکا بۆ هاوڕێتیی حکوومەتی جۆلانی و کەمکردنەوەی پالپشتییەکانی لە هەسەدە بەپێی گریمانەیەکی هەڵە و مەترسیدار داڕشتراوە: ئەوەی کە ئایا شەرع بەڕاست بەدوای چاکسازی و ڕیفۆڕم لە سووریایە.
پێشینەی ئەحمەد شەرع نیشان دەدا کە ئەو پەیوەندیی نزیکی لەگەڵ گرووپە ڕادیکاڵیزمەکاندا بووە و شەرعییەتی سیاسیی جێی گومانە. لە بەرامبەردا، هەسەدە زیاتر لە یەک دەیەیە هاوکاریی لەگەڵ هاوپەیمانی بووە و ڕۆڵێکی بنەمایی بووە لە تێکشکاندنی بەشی سووریی "خەلافەت"ی داعش و نزیکەی 11 هەزار هێزی لە شەڕی داعشدا کوژراوە. ئەمریکا خۆی مەشقی سەربازیی بە یەکینە دژە تیرۆرەکانی هەسەدە داوە و ئەو هێزانە وەک باڵی عەلمانی، لێهاتوو و ڕێکوپێک جووڵاونەتەوە و بە بەراورد لەگەڵ هێزە پەرتەوازە و تازە ڕێکخراوەکانی دیمەشق، هەسەدە پڕۆفێشناڵتر و خاوەن ئەزموونێکی جەنگیی بەربڵاوترە لە شەڕی داعش.
بێگومان هێزی سەربازی و سیاسیی هەسەدە تا ئێستا ئاستەنگێکی کارا بووە لە بەرامبەر بووژانەوەی داعش، هەر بۆیە وڵاتانی ڕۆژئاوایی دەبێ سیاسەتێک بۆ "پاراستنی ستراتژیک"ی کوردەکانی سووریا ڕەچاو بکەن، بۆ ئەوەی هەم پێگەی خۆیان لە بەرامبەر ئەکتەرانی دژبەر بپارێزن و هەمیش بەرژەوەندیی درێژخایەنیان لە ناوچەیەکی ناسەقامگیر بپارێزن. بە واتایەکی تر کەمکردنەوە و کشاندنەوەی سەربازان و کەمکردنەوەی پاڵپشتییەکان لە هەسەد، بە جۆرێک ڕادەستکردنی ناوچەیەکی گرینگە بە حکوومەتێک بە بنەمای ئایدۆلۆژیی گومان لێکراو.
دیارە تورکیا بوونی پێکهاتەیەکی کوردی و خۆسەر لە نزیکی سنوورەکانی قبووڵ ناکات و دەترسێت ئەو دۆخە ببێتە هۆی گوورانی دۆزی کوردە ناوخۆییەکانی تورکیا. هەر بۆیە ئەنقەرە دەستی داوەتە ئۆپەراسیۆنگەلی سەربازیی جۆراوجۆت، تا هەم پەڕە بە ناوچەی ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی بدات و هەمیش پێش بە سەرهەڵدانی پێکهاتەیەکی ئۆتۆنۆمیک بۆ کوردەکان لە سووریای دوای ڕووخانی ئەسەد بدات.
ئەمە سەرەڕای خەونی پێشخستنی ڕۆژەڤی نیۆعوسمانیزم و ئیسلامخوازی لە لایەن ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیایە؛ خەونێک کە بە گوێڕەی بەرپرسانی تورکیا، کوردەکان ئاستەنگیکی جیدی لە بەردەم وەدیهاتنی ئەو خەونانەن.
لە لایەکی دیکەوە دۆخی کوردەکان چ جیاوازییەکی لەگەڵ درۆزییەکان نییە کە ئیسرائیل راستەوخۆ پاڵپشتیان لێ دەکات. بگرە ئەوان زۆر وێکدەچن: کەمینەیەکی عەلمانیی ناجیهادی و خاوەن شوناسی جیاواز. ئەوان وەک هاوپەیمانێکی جێبڕوا بۆ ڕۆژئاوا و هاوپەیمانانی ناوچەیی (وەک هەرێمی کوردستام) جووڵاونەتەوە و هەر بۆیە ڕۆژئاوا دەتوانێ نمانەیەکی هاوشێوە بۆ کورد دابڕێژێت کە پشتئەستوور بێت بە پاڵپشتیی شاراوە و نافەرمیی وەک یارمەتیگەلی سیاسی، ئابووری، ئەمنی و هەواڵگرانە، بەبێ ئەوەی ببێتە هۆی سەرهەڵدانی دەوڵەتێکی چکۆلەی کوردی یان پێشێلکاریی وسەروەریی نوێی دیمەشق. ئاوها مۆدێلێک دەتوانێ بەبێ قەیرانی دیپلۆماتیک، هەلی بەرگری لە خودی کوردیان بۆ دابێن بکات.
Your Comment